شەپۆڵێكی بارانبارین تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

22/11/2022

نەوا
بەشی پێشبینییەكانی سەربە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویكردەوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە نمەباران دەستپێدەكات و رۆژی هەینی شەپۆلێكی بارانبارین تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پاشان هاتنی كاریگەری درێژبوونەوەی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور ودەریای ناوەڕاست.
ئەوەش هاتووە، سەرەتا نمەبارانی كەم دەبارێت لە بەرەبەیانی  رۆژی هەینی كاریگەری ئەم شەپۆڵە زیاد دەكات و تەواوی ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر شەپۆڵی باران بارین، بارانی مامناوەند و بارانی بە لێزمە دەبارێت لە گەڵ دروست بوونی هەورە تریشقە و بەفربارین لەسەر لوتكەی شاخە بەرزە سنووریەكان لە ماوەی كاریگەری ئەم شەپۆڵە.
هەر بەپێی پێشبینییەكان، رۆژی شەممە شەپۆڵی باران بارین بەردەوامی دەبێت و نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست كاریگەری زیاد دەبێت و بارانی مامناوەند و لێزمەباران لە ناوچە جیاجیاكان دەبارێت، پلەكانی گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەكات بە نزیكەی 5 بۆ 7 پلەی سیلیزی، رۆژی یەكشەممە كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر ناوچەكەمان كۆتای دێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group