بلومبێرگ: گورزێكی تر بەر كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كەوت

28/01/2023

نەوا -
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، گورزێكی تر بەر كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كەوتووە و كۆمپانیایەكی تری نەوتی كشاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیاكە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانیان رەتكردووەتەوە.
ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، كۆمپانیای زەبەلاحی "Trafigura Group" پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش بە گورزێكی نوێ دێت لە هەرێمی كوردستان كە دەیەوێت نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت.
رونیشكراوەتەوە، بەپێی وتەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار جیابوونەوەكە دوای ئەوەدێت كە كۆمپانیاكە شكستی هێناوە لەوەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا دانوستان بۆ پێداچوونەوە بە مەرجەكانی گرێبەستەكەی نێوانیان بكەن دوای دابەزینی نرخی نەوتی كوردی، چونكە كۆمپانیاكە هیواكانی لەسەر سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ داڤۆس هەڵچنیبوو كە گفتوگۆ بكەن، بەڵام لە دوا ساتەكاندا سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ رونكردنەوە گفتوگۆكەی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئاژانسە ئەمریكییەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لەساڵی 2014 بۆ 2015 كۆمپانیای Trafigura Group چەند ملیار دۆلارێكی بە قەرز داوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەو كاتە كێشەی دارایی هەبووە ئەوەش لەبەرامبەر فرۆشی نەوتەكەی لە داهاتوودا، بەڵام فرۆشی نەوتی كورد سەختتر بووە ئەوەش دوای ئەوەی بەغدا هەڕەشەی یاسایی لە دژی كڕیارانی نەوتی هەرێم كرد.
ئەوەش هاتووە، بەپێی داتاكان هەڕەشەكانی بەغدا كاریگەری گەورەی لەسەر نەوتی هەرێم هەبووە، بارە نەوتەكانی هەرێم بۆ كەنارەكانی ئیسپانیا و یۆنان و ئیتاڵیا لە نیوەی كۆتایی ساڵی رابردووەوە بە تەواوەتی كەمیكردووە، بەڵام ناردنی نەوت بۆ ئیسرائیل و كرواتیا و چین زیادی كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group