بەرپرسانی ئەمریكا: بەشدار نەبووین لە هێرشەكەی سەر ئێران و تەنها ئیسرائیل بووە

30/01/2023 جیهان
نەوا - 
بەرپرسانی ئەمریكا جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەوان بەشدارییان لە هێرشەكەی سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران نەكردووە و تەنها ئیسرائیل خۆی ئەنجامی داوە.
لەو بارەیەوە جەنراڵ "پاتریك رایدەر" وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پنتاگۆن" رایگەیاندووە، هیچ هێزێكی ئەمریكی بەشدار نەبووە لە هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییە ئێرانییەكە، تاران رێگری لە فڕۆكەكان كردووە كە كارگەیەكی سەربازییان لە شاری ئەسفەهان كردە ئامانج، زیانی زۆری لێنەكەوتووەتەوە.
لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی ئەمریكی كە ناوی ئاشكرا نەكردووە بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی وتووە، هێرشەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە، بەرپرسێكی تر بە "رۆیتەرز"ی وتووە، ئیسرائیل لە پشت هێرشەكەوە بووە و ئەمریكا هیچ رۆڵێكی تێیدا نەبووە.
لای خۆشیەوە ئێران هیچ لایەنێكی تۆمەتبار نەكردووە و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بڵاویكردووەتەوە، هێرشەكە شكستخواردوو بووە و یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان خراوەتە خوارەوە و دوانیشیان كەوتوونەتە بۆسە بەرگرییەكانەوە و تەقیونەتەوە و تەنها زیانێكی ماددەی كەمی لێكەوتووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group