ئەڵمانییەكی بە رەگەز عیراقی هاوشێوەكەی خۆی كوشت

31/01/2023 جیهان

نەوا-
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، ژنێك بەناوی شارەبەن كە دانیشتوی ئەڵمانیایەو بە رەگەز عیراقییە، بلۆگەرێكی جوانكاری جەزائیری كوشتوە بەناوی خەدیجە لەبەرئەوەی ویستویەتی مردنی خۆی ساختە بكات.
بڵاویشكراوەتەوە، لەمانگی ئابدا شارەبەن پەیوەندی بە خەدیجەوە كردوەو ئەویش رازیبوە بەوەی یەكتر ببینن، دوای ئەوە بە شێوەیەكی دڕندانەو بە هاوكاری گەنجێك كوشتویانە، نزیكەی 50 چەقۆیان لێداوەو دواتریش لاشەكەیان شێواندوەو تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری مێرسیدسدا لە شاری ئینگۆلشتات دۆزراوەتەوە.
باس لەوەشكراوە، ئەندامانی بنەماڵەی شارەبان پێیانوابوە كە تەرمەكە ئەو بوبێت، بەڵام راپۆرتی پشكنینی جەستەی قوربانییەكە رۆژی دواتر ئەنجامدراو گومان لەسەر ناسنامەی دروستبو لە ئەنجامدا دەركەوت كە قوربانییەكە خەدیجە بوە.
هەروەها داواكاری گشتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەداوە،  پێیانوایە ئەو ژنە بە رەگەز عیراقیە كە تاوانەكەی ئەنجامداوە لەسەرەتاوە بەدوای كەسێكی هاوشێوەی خۆیدا گەڕاوە لە ئینستاگرام بۆئەوەی بیكوژێت و مردنی خۆی ساختە بكات.
شارەبەن و گەنجەكە لە مانگی ئابی رابردوودا دەستگیركران و تائێستا وردەكاریی تاوانەكەیان بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام دەگوترێت تۆمەتبارەكە پێدەچێت بەهۆی كێشەی خێزانییەوە ئەو پیلانەی داڕشتبێت و نیازی ئەوەی هەبوە مردنی خۆی ساختە بكات.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group