مەزڵوم عەبدی زانیاری لەسەر ئەو هێلیكۆپتەرە ئاشكرا كرد كە لە دهۆك كەوتەخوارەوە

18/03/2023

نەوا - 
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە رایگەیاند، ئەو شەڕڤانانەی لەكاتی كەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی دهۆك گیانیان لەدەستدا لە رێگەدابوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی هاوبەشی دژی داعش.
ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە هێلیكۆپتەرێك لە پارێزگای دهۆك كەوتەخوارەوە و 9 كەسی تێدا بوو و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا و سەرەتاش نەزانرا كە سەربە چ لایەن و شوێنێكە و دواتر زانرا كە ئەندامانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی تێدا بووە.
لەو بارەیەوە مەزڵوم عەبدی بڵاویكردووەتەوە، 9 ئەندامی دژە تیرۆری رۆژئاوا لەناو ئەو هێلیكۆپتەرەدا بوون كە بەهۆی خراپی كەشوهەواوە لە دهۆك كەوتە خوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە هاوكاربن لە گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان بۆ باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان.
سەبارەت بە هۆكاری بوونی ئەو ئەندامانەی هەسەدە لەناو خاكی هەرێمی كورستان ئاشكرای كردووە، لە رێگەدابوون بۆ هەرێم بۆ بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی هاوبەشی دژی رێكخراوی داعش.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group