نەوا -
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، هەرێمی كوردستان 60%ی بودجەكەی خۆی وەردەگرێت، پێویست بوو 16 تۆیلیۆن دینار رادەستی بەغدا بكات بەڵام تەنها 3 تریلیۆنی رادەست كردووە.
موعین كازمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لەماوەی 6 مانگی رابردودا هەرێمی كوردستان 8 تۆیلیۆن دیناری وەرگرتووە، بەپێی یاسای بودجە پێویست بوو لەسەری 16 تریلیۆن رادەست بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنها 3 تریلیۆنی رادەست كردووە.
هێمای بۆ ئەوەشكردووە، هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە و داهاتی خاڵە سنورییەكان و گومرگ و داهاتەكانی تریش رادەستی بەغدا ناكات، كە پێویستە بەرامبەر وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی ئەو داهاتانە رادەست بكات.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، حكومەتی هەرێم ئەو پارەیەی لەسەریەتی نایدات بۆیە پێویستە بەرپرسارێتی بەرامبەر سەرجەم رێوشوێنەكان هەڵگرێت، پێویستە یاسای بودجە جێبەجێ بكات، لەكاتێكدا 60%ی بودجەكەی وەردەگرێت.
ئەمڕۆ شەممە 23/9/2023یە و تاوەكو ئێستا موچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش نەكراوە و زۆرینەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنورەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە و كێشە دروست بووە و نەهامەتی موچەخۆرانیش بەردەوامە لە زیادبوون.
سەرەڕای ئەوەش تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم و بەغدا بەبێ گوێدانە ئەو نەهامەتییان نەیانتوانیوە بگەنە رێكەوتن، داهاتی ناوخۆ و و گەمرگ و خاڵە سنورییەكان و نەوتی فرۆشراو لە رێگەی تەنكەر و بە پاڵاوتگەكانیش چارەنوسی نادیارە.