نەوا-
وەزارەتی دەرەوەی توركیا سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كرد كە لەشاری لاهای هۆڵەندا لە بەردەم باڵیۆزخانەمانی توركیاو پاكستان و ئیندۆنێزیا و دانیمارك لەو شارە كرایە سەر قورئانی پیرۆز.
لەوبارەیەوە وەزارەتەكە راگەیەنراوێكی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوكردەوە كە لە هۆڵەندا كرانە سەر قورئانی پیرۆزو تیادا هاتوە: بەتوندترین شێوە سەركۆنەی ئەو هێرشە قێزەونانە دەكەین كە لە بەردەم ژمارەیەك باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەندام لەڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی لە نێویشیاندا باڵیۆزخانەی توركیا لەشاری لاهای كرایە سەر قورئانی پیرۆز.
هەروەها باس لەوەشكراوە: توركیا پێداگرە بەرەنگاری ئەم عەقڵیەتە نەخۆش و كین لەدڵانە دەبێتەوە، ئیدی پێویستە لەلایەن ئەو وڵاتانەی هێرشەكانیان تێدا ئەنجام دەدرێت رێوشوێنی كاریگەر دژیان بگیرێتەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لەبەرپرسانی هۆڵەندا دەكات رێكاری پێویست بەرامبەر بكەرانی روداوەكەو رێوشوێن بۆ دوبارەنەبونەوەی ئەم روداوە بگرێتەبەر.