نەوا-
ناوەندی مافە دەستورییەكان لە ئەمریكا سكاڵایەكی یاسایی دژ بە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاو ئیدارەكەی تۆماركرد بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنیان لەو كۆمەڵكوژییەی كە ئیسرائیل دژبە فەڵەستینییەكان لە كەرتی غەزە ئەنجامی دەدات.
ناوەندەكە كە تایبەتە بە مافەكانی مرۆڤ و بارەگاكەی لە ئەمریكایە، سكاڵا یاساییەكەی دژبە جۆ بایدن و ئیدارەكەی بە نوێنەرایەتی كەسایەتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی فەڵەستینی تۆمار كردوە.
ناوەندی مافە دەستورییەكان لە ئەمریكا لە راگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە: ئەم سكاڵایە بە نوێنەرایەتی فەڵەستینییەكان تۆمار كراوە، چونكە جۆ بایدن و وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو وەزیری بەرگریی لە رێگریكردن لەو كۆمەڵكوژییەی كە ئیسرائیل دژ بە فەڵەستینییەكان لە كەرتی غەزە ئەنجامی دەدات شكستیانهێناوە.
راشیگەیاندوە، ئەو كۆمەڵكوژییەی كە لە غەزە بەردەوامە بەبێ پاڵپشتیكردنی ئاشكرا لەلایەن جۆ بایدن، ئەنتۆنی بلینكن و لۆید ئۆستن بۆ ئیسرائیل روی نەدەدا.