بەپێی لیستێكی خۆپارێزی و هۆشداری بۆ گەشتكردن، عیراق و سوریاو سودان لە ریزبەندی 24 وڵاتدان كە هەڵسەنگاندنی بۆ كراوەو رەنگی زەردیان پێدراوە كە تیایدا ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكرێت سەردانیان نەكەن بەهۆی نەخۆشی گوازراوە تیایانداو لاوازی ئاستی پێشكەشكردنی تەندروستی.
بەگوێرەی ئەو لیستەی كە دەستەی تەندروستی گشتی سعودیە بۆ خۆپارێزی هاووڵاتیانی بڵاویكردۆتەوە داوایان لێ دەكات دوربكەونەوە لە گەشتكردن بۆ عیراق و سوریاو سودان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی گوازراوەو لاوازی خزمەتگوزاری پزیشكی تیایاندا.
دەستەی گشتی تەندروستی سعودیە باسی لەوەشكردوە كە نەخۆشیەكانی كۆلێراو پەتای قرم- كۆنگۆ لەنێوان ئەو نەخۆشیە گوازراوانەدان كە لە عیراق بڵاوبونەتەوە، لەگەڵ كۆڤید 19 كە چەند جارێك توشبوانیان تیادا تۆمار كراوە.
هەروەها لەبارەی سوریاو سودانیشەوە دەستەكە رایگەیاندوە، لە سوریا كۆلێرا بەربڵاوە لەگەڵ تۆماركردنی حاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە سودانیش نەخۆشیەكانی ئاوڵەی مەیمون و كۆلێراو تای خوێنبەربون و چەندین پەتای تر تۆمار كراون.
هەر لە لیستەكەدا ئاستی سوری مەترسیدار دیاریكراوەو ئاماژە كراوە كە زۆرترین مەترسی لەسەر وڵاتی زیمبابۆیە كە نەخۆشیەكانی كۆلێراو تای خوێنبەربون و چەندین بەتای تری مەترسیداری تیادا بڵاوبۆتەوە.