ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانكردنی غەزە

11/12/2023 جیهان

نەوا-
ماڵپەڕە جیهانییەكان بڵاویانكردەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانەكانی بۆ سەر كەرتی غەزە و ناوچەی دەوروبەری خان یونس كراوەتە ئامانج.
لەوبارەیەوە راگەیەنراوە، دوای هۆشدارییەكی توندی بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە چارەنوسی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی كە لەژێر دەستیان ماونەتەوە،  تانكەكانی ئیسرائیل زیاتر بەرەو باشوری كەرتی غەزە هانگاویان ناوەو ناوچەی دەوروبەری خان یونسیان كردۆتە ئامانج، شارەزایانیش نیگەرانی خۆیان لەبارەی زیادبونی رێژەی كوژران دەربڕیوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، دوایین راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە نزیكەی یەك لەسەر سێی شوێنی نیشتەجێبون لە غەزە بە تەواوی وێران بون و راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاندوە كە %40ی ژێرخانی نیشتەجێبون بە تەواوی خاپور كراوە، نەتەوە یەكگرتوەكانیش هۆشداریداوە دوای روداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر نزیكەی یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس لە غەزە ئاوارەبون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group