"ئەگەر یەكڕیزباین دۆخەكە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت"

21/03/2024

نەوا-
لە رەوشێكی كەشوهەوای نالەباردا لەچەندین شارو شارۆچكەی هەرێمی كوردستان ئاگری نەورۆز كرایەوەو بەخێرهاتنی ساڵی نوێی كوردیی كرا.
هەر بەوبۆنەیەوە هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم پەیامی پیرۆزبایی خۆیان راگەیاندو لە بەشێكیدا تیشكیان خستە سەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئەو قەیرانانەی بەرۆكی موچەخۆرانی گرتوە. 
لە بەشێكی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتوە، لەنزیكەوە ئاگاداری باری ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و خەڵكی كوردستانە دڵنیایان دەكەنەوە كە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە رابردو، بە ئومێدەوە بەرەو ژیان و داهاتویەكی باشتر هەنگاو دەنێن و كوردستان بۆ هەمیشە وڵاتی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی دەمێنێتەوە.
راشیگەیاندوە، داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات پێكەوە روبەڕوی هەڕەشەكان ببنەوەو فیدراڵی و قەوارەی سیاسی و ماف و دەستكەوتە دەستورییەكان بپارێزن، چونكە هەموان لەهەمان كەشتیداین و ئەگەر هاوهەڵوێست و یەكڕیزبان دۆخەكە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.
لە شاری ئاكرێش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەشێكیدا رایگەیاند: نەبونی موچەو بودجەو گەلێك ناخۆشی كە هاتونەتە پێشەوە، هەرچەندە گرفتمان تەنها موچە نیە، بۆیە ئێمە هەمو هەوڵێكمانداوە تاوەكو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت.
وتیشی: هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی موچەی خەڵكی كوردستان، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق  لە گفتوگۆداین تاوەكو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكو پێی وتوین لە چەند رۆژی داهاتودا چارەسەر دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group