بومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر تایوانی هەژاند

03/04/2024 جیهان

نەوا-
بومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر كەناراوەكانی تایوانی هەژاند و لە سەرتاسەری تایوان و وڵاتانی دراوسێی هەستی پێكراوە و زۆربەی وڵاتەكانی خستووەتە حالەتی  ئامادەباشیەوە.
ناوەندی بومەلەرزەزانی تایوان (وو شین فو) بڵاویكردوەتەوە، چەقی بومەلەرزەكە لە دوری 18 كیلۆمەتری شاری هوالین بوە، بەڵام بە هێزییەكەی لە سەرتاسەری تایوان و وڵاتانی دراوسێ هەستی پێكراوە.
هاوكات بومەلەرزەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3-4 بەهێزترین بومەلەرزەیە لە 25 ساڵی رابردودا دوای ئەو بومەلەرزەیەی ساڵی 1999 تایوانی هەژاند و بەهۆیەوە 2400 كەس مردن.
وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاندوە، بە گوێرەی زیانە سەرەتاییەكان دو باڵەخانە روخاون و ژمارەیەك باڵەخانەی دیكەش لە هوالین زیانیان پێگەیشتوەو هێزەكانیان بۆ رزگاركردنی خەڵكی رەوانەی چەند ناوچەیەك كردوە، هاوكات وەك ئامادەكارییەك بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی پاشلەرزە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگەكانیان داخستوە.
هەروەها ئاژانسەكانی رۆیتەرز و فرانس پرێس بڵاویانكردوەتەوە، لە شاری هوالین ژمارەیەك زۆری خەڵك لە ماڵەكانیان گیریانخواردوەو بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان زیاتر لە 50 كەس برینداربون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group