بەبۆنەی نزیكبونەوەی جەژنەوە قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان

09/06/2024

نەوا-
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات بەوریاییەكی زیاترەوە پێداویستییەكانی جەژن بكڕن.
لە راگەیەنراوێكدا قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، لیژنە هاوبەشەكانیان دەستیان بەسەر زیاتر لە دو تۆن چەرەسدا گرتوەو هۆشدارییش بەهاوڵاتیان دەدەن كە خواردن و پێداویستی بێ بەروار نەكڕن.
لەوبارەیەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندوە: لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەهۆی نەبونی بەروارو نادیاری سەرچاوەی هاورەكردنەكەی و نەشیاوی ئەو شوێنەی كە تیایدا عەمبار كراوە، لیژنەكانیان دەستیان بەسەر بڕی 2 تۆن و 444 كیلۆگرام چەرەسدا گرتوە كە خاوەنەكەی بەنیازبوە لە رۆژانی پێش جەژن لە بازاڕەكاندا ساغی بكاتەوە.
وتوشیەتی: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو چەرەسانە لەناودەبرێن و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان كرد بەوریاییەكی زیاترەوە پێداویستییەكانی جەژن بكڕن و لەكاتی بە هەبونی گومان لە هەر كاڵاو شمەك و خواردەمەنیەكی نەشیاو ئاگاداریان بكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group