حاجیان تا خۆرئاوابون لە عەرەفات دەمێننەوە

15/06/2024 جیهان

حاجیان كە ژمارەیان زیاترە لە دوو ملیۆن و 300 هەزار كەس بەمەبەستی بەجێگەیاندنی یەكێك لە روكنە سەرەكییەكانی فەریزەی حەج لە كێوی عەرەفات كۆبونەوەو نوێژی نیوەڕۆو عەسریان بە خستنەپاڵ و كورتكردنەوە ئەنجامدا.
لە مزگەوتی نەمیرە لەنزیك كێوی عەرەفات لە وتاری عەرەفاتدا وتاربێژ داوای لە حاجیان كرد سوننەت و روكنەكان وەك خۆیان بەجێبگەیەنن وەك چۆن پەیامبەری ئیسلام هەر لەو شوێنەی ئەواندا بەجێی گەیاندوە، هەروەها بەبیری حاجیان و موسڵمانانی هێنایەوە كە یەزدان لە قورئانی پیرۆزدا داوای لێیان كردوە راستگۆبن و برایەتی نێوانیان بپارێزن و ئەگەر دادوەرییان كرد دادپەروەربن.
وتاربێژی مزگەوتی نەمیرە نزای بۆ گەلی فەڵەستین كردو داوای كرد خوێنڕشتن لەو وڵاتەدا هەڵبگیرێت و سەریان بخات بەسەر دوژمنەكانیاندا.
وەستان لەكێوی عەرەفات بە یەكێك لە روكنە سەرەكییەكانی فەریزەی حەج دادەنرێت شەرعناسان ئاماژە بەوە دەكەن هەر كەسێك لەچوارچێوەی بەجێ گەیاندنی فەریزەی حەج نەچێتە عەرەفات حەجەكەی قبوڵ ناكرێت و نابێتە حاجی.
لەگەڵ خۆرئاوابونیشدا حاجیان لە نێوان بانگی شێوان و خەوتناندا دەچنە موزدەلیفەو لەوێ تا بەرەبەیانی 10ی زیلحیجە دەوستن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group