نەوا-
سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت، لە 7 مانگدا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان رویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردوە كە 43یان لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەبوبەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی هەرێم بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچیان كردوە و زۆربەیان چونەتە بەریتانیا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دەڤەری راپەڕین پشكی شێری لە قوربانی و كۆچكردن بەركەوتوە، لەو پێنج هەزار كۆچبەرە لانیكەم هەزار و 200 كەسیان خەڵكی ناوچەی راپەڕینن.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 43 هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپادا گیانیان لەدەستداوە كە 14یان خەڵكی ناوچەی راپەڕینن.
هەروەها زۆریی كۆچكردنی گەنجانی دانیشتوی دەڤەری راپەڕین دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبونی دەرفەتی كار و بەشێكیش بوەتە دیاردەو چاولێكەری.