نەوا-
رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان راگەیەنراوێكی سەبارەت بە هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسێك بڵاوكردەوەو وردەكاری روداوەكەی ئاشكرا كردوە.
رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بڵاویكردۆتەوە، دوابەدوای روداوی پەلاماردانی رۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق لەلایەن بەرپرسێكی هێزە ئەمنییەكان لە سنوری چەمچەمال، رێكخراوەكەیان بەدواداچونی بۆ روداوەكە كردوە.
راشیگەیاندوە، دوای بەدواداچون لەگەڵ قائیمقامی چەمچەماڵ دەركەوت ئەم روداوە لە بانی مەقان - ناحیەی قەرەهەنجیر سەربەسنوری ئیدارەی پارێزگا كەركوك روویداوە، ماوەی ساڵێكە كێشە لەنێوان هەردولادا هەیە لەسەر چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكەیان، دوای ئەوەی رۆژنامەنوسەكە راپۆرتێكی لەسەر ناوچەكە بڵاوكردۆتەوە كێشەی نێوانیان قوڵتربۆتەوە رۆژنامەنوسەكە سكاڵای لە بنكەی چەرمو تۆماركردوە، دواتر لەلایەن پاسەوانەكانی بەرپرسە ئەمنییەكە بە سەختی بریندار كراوە.
زیاتر رونیكردۆتەوە كە دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتباران دەركردوەو دەستگیركراون،وەك رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدانیش ئیدانەی پەلاماردانی سەر رۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەكەن و هیوادارن یاسا سەروەربێت.