حكومەتی بەریتانیا كەشتیی بیبی ستۆكهۆڵم دادەخات

05/11/2024 جیهان

نەوا-
حكومەتی نوێی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بڕیاریدا بەكارهێنانی كەشتی بیبی ستۆكهۆڵم  رابگرێت، ئەوەش بەهۆی شەپۆلێكی رەخنەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كە بە زیندان بۆ كۆچبەران وەسفیان كردبو.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران بڵاویكردۆتەوە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەستیانكردوە بە چۆڵكردنی كەشتی بیبی ستۆكهۆڵم لەو كۆچبەرانەی كە لەو كەشتییەدا دەمانەوە، هەفتەی رابردوش 300 پەناخوازیان گواستەوەو بڕیارە كەشتییەكە بۆ هەمیشە چۆڵ بكرێت و  پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتودا 100 پەنابەری دیكە بگوازنەوە سەر زەوی.
بە پێی بەدواداچونەكانی دەزگایی لوتكە، ئەو كۆچبەرانەیان گواستۆتەوە بۆ ناوەندەكانی پێشوازی لەسەرانسەری بەریتانیاو لەوێ دەمێننەوە تا وەڵامێك سەبارەت بە دۆسیەی داواكاری مافی پەنابەرییان وەردەگرن، هەروەها حكومەت بەنیازە تا جەژنی كریسمس بەتەواوی ئەو كەشتییە دابخات. 
بیبی ستۆكهۆڵم ئەو كەشتیە سەربازیە كۆنەیەكە لە مانگی ئابی ساڵی رابردودا حكومەتی پێشوی پارتی پارێزگاران دەستیكرد بە بەكارهێنانی وەك پەناگەیەك بۆ ئەو پەناخوازانەی كە بە شێوەیەكی نایاسایی لە كەناراوەكانی باكوری فەرەنسا لە كەناڵی ئینگلیزییەوە دەگەنە بەریتانیا، هەرچەندە دەسەڵاتداران ئەو كەشتییەیان وەك ناوەندێكی دەستبەسەركردن وەسف نەكردوە، بەڵام بارودۆخی ژیان لەوێ هاوشێوەی زیندانە، بەو پێیەی كۆچبەران مافی دەرچون و چونە ژورەوەیان نییەو چالاكوانان بە زیندانێكی جوڵاو وەسفیان كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group