نێچیرڤان بارزانی: لە نزیكەوە ئاگاداری گوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستانین

پێش 4 هەفتە

نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لەنەتەوەی كورد كرد.
لەپەیامێكدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی كوردی لە تەواوی نەتەوەی كوردو هەر كوردێك لە هەر كوێی جیهان بێت، هەروەها لە تەواوی گەلی كوردستان بە هەمو پێكهاتەكانییەوە پیرۆز دەكەم، ‌بە گەرمی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكان دەكەم، هیوادارم هەموان جەژنێكی خۆش و ئارام بەسەر بەرن و جەژنی كامەرانی و ئاسوودەیی بێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانییە:-
جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی كوردی لە تەواوی نەتەوەی كورد و هەر كوردێك لە هەر كوێی جیهان بێت، هەروەها لە تەواوی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پیرۆز دەكەم. ‌بە گەرمی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكان دەكەم، هیوادارم هەمووان جەژنێكی خۆش و ئارام بەسەر بەرن و جەژنی كامەرانی و ئاسوودەیی بێت.
نەورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونەوە و ژیانەوەیە، جەژنی هیوا و ئیرادە و هەستانەوە و خۆڕاگری و تێڕوانینە بۆ داهاتوویەكی باشتر. هەروەك چۆن مەشخەڵی نەورۆز بە درێژاییی مێژوو سەرچاوەی ئیلهام بووە بۆ گەلی كوردستان، ئەمڕۆش بانگەوازێكی نوێیە بۆ یەكڕیزی و لێكگەیشتن و هاوكاری لەپێناو پاراستنی ماف و دەستكەوتە دەستوورییەكان و فیدراڵی و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا. 
جەژنی نەورۆز لە كاتێكدا دێتەوە كە ناوچەكە و جیهانیش لە دۆخێكی هەستیاردان. تێپەڕاندنی سەركەوتووانەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوه،‌ پێویستی بە كاری هاوبەش و گفتوگۆی بنیاتنەری لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەغدا‌، بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و بەهێزكردنی دیموكراسی و دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ.
ئاشتی و ئاشتیخوازی بۆ كورد و گەلی كوردستان گەورەترین هێز و باشترین ڕێبازە. بۆیە داوا لە كورد و كوردستانییان دەكەم، باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەهێزتر بكەن. داواكانی گەلی كوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەكی زۆر لەبار بۆ ڕوونبوونەوەی داواكانی دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی كورد لە جیهاندا زیاتر دەباتە پێشەوە. ئێستا تەوژمێك بۆ دروستبوونی ئاشتی لە سیاسەتی جیهاندا هەیە، لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندایە وەك گەلێكی ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان باوەڕمان بە كولتوور و بەهاكانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن هەیە. هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە‌ فاكتەری ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا دەمێنێتەوه و ‌دەستی دۆستایەتی و هاوكاری بۆ هەموو پێكهاتەكانی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان درێژ دەكات، لەپێناو داهاتوویەكدا كە تیایدا ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ هەمووان باڵادەست بێت و ژیان و شكۆ و مافەكانی هەمووان پارێزراو بن. 
لە پەیوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراقدا، جارێكی تر پابەندیی خۆمان بە دەستوور وەك بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی هەموو ناكۆكییەكان بە گفتوگۆ و لێكگەییشتنی هاوبەش دووپات دەكەینەوە. سەقامگیری و گەشانەوه و پێشكەوتنی عێراق، بە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی هەموو پێكهاتەكانی و بە جێبەجێكردنی ڕاستەقینەی سیستمی فیدراڵییەوە بەندە.
ئێمە لە نزیكەوە ئاگاداری سەختییەكان و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی كوردستانین. دووپاتی دەكەینەوە كە باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان كاری لەپێشینەی سەرەكیی‌ هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانە. لەگەڵ هاتنی نەورۆزدا، هیواكان نوێ دەكەینەوە كە ئەم سەختییانە تێدەپەڕن، كۆڵ نادەین و بە هیوا و ئومێدەوە پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی باشتر هەنگاو دەنێنین.
نەورۆز لە هەموو ئەو گەل و وڵاتانەش پیرۆز بێت كە ئەم یادە دەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group