وەزارەتی پلاندانان پێشبینی دەكات تا ساڵی 2028داهاتی نانەوتی بگاتە 79 ترلیۆن دینار

1 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراق پلانی پێنج ساڵەی وەزارەتەكەی بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی نانەوتی ئاشكرا دەكات.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاند: پێشبینیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كۆی داهاتی نانەوتی لە ماوەی پلانی پێنج ساڵەدا كە درێژدەبێتەوە بۆ ساڵی 2028 دەگاتە 79 ترلیۆن و 100 ملیار دینار، لەو ژمارەیەش 21 ترلیۆن باجی راستەوخۆ و 16 تریلیۆن و 800 ملیار دینار باجی ناڕاستەوخۆیە، لەكاتێكدا كۆی ئەو جۆرەی كە ماونەتەوە لە داهاتی نانەوتی پێشبینی دەكرێت 41 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی ئامانجی ئەوەیە ڕێژەی گەشەی ئابووری بە ڕێژەی 4.24 لەسەد بۆ بەرهەمی گشتیی ناوخۆ بەدەستبهێنێت، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەم ڕێژەیە هاوتایە لەگەڵ توانا مرۆیی و ماددییە بەردەستەكان و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نادڵنیایی و ئەدای چالاكییە ئابوورییەكان بۆ ماوەی پێشوو.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی لەوەشكردەوە، لە پلانەكەدا گرنگی بە كەرتە سەرەكییەكانی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار دەدرێت، جگە لە چالاكییەكانی ژێرخانی خزمەتگوزاری بەپێی ئەوەی لە چوارچێوەی گشتی پلانەكەدا هاتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group