نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق پاشكۆی گرێبەستێك بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی رۆژهەڵات و هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی بەرهەمی نیشتمانی واژۆ دەكات.
حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزەو هاوكات كە وەزیری نەوتی عیراقە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، واژۆكردنی گرێبەستی پاشكۆی پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی رۆژهەڵات لەگەڵ كۆمپانیای EPS ی چینی هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی حكومەت و ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرهەمی كێڵگەی رۆژهەڵاتی بەغدایە بۆ 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەرهەمهێنانی ئێستای كێڵگەكەش لەنێوان 45 بۆ 50 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا.
ئەوەشی رونكردۆتەوە، رێكەوتنەكە بریتیە لە وەرگرتنی تەكنیكەكان بۆ هەڵكەندنی 6 بیر بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، جگە لە دروستكردنی چوار تانكی نەوت بە توانای جیاواز كە دو تانكی بە توانای 10 هەزار مەتر سێجاو ئەوانەی دیكە توانای 3 هەزار مەتر سێجایان هەیە.
لای خۆیەوە بەسیم محەمەد خوزیەر جێگری وەزیری وەزارەت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت پشتڕاستیكردۆتەوە، واژۆكردنی پاشكۆی گرێبەستەكە توانای بەرهەمهێنانی نوێ بۆ كێڵگەكە زیاد دەكات و ئەوەش كۆمپانیای چینی پابەند دەكات بەجێبەجێكردنی 6 پڕۆژەی ژێرخانی نەوت بۆ كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست.