نەوا-
ئامادەكردنی/ ئاواز سەلیم عەبدوڵڵا
دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ لە نزیك شاری قوم لە باشوری تارانی پایتەختی ئێران لە ناوچەیەكی شاخاویی قەڵادارە كە بە زەوییە ناڕێكەكانی ناسراوەو سەدان مەتر لە ژێر زەویدایە.
ئامانجی سەرەكیی بەرگەگرتنی هێرشی ئاسمانی و موشەكییە، ئەم دامەزراوەیە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2009 ئاشكرا بو قەیرانێكی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوەو تاران بەوە تۆمەتبار كرا كە چالاكییە ئەتۆمییەكانی خۆی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەشارێتەوە.
فۆردۆ یەكێك لە دیارترین دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانە كە تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و سەدان سەنتەرفیوجی پێشكەوتوی تێدایە. سەرەڕای ئەوەی ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ی لەگەڵ زلهێزەكانی جیهان واژۆ كرد (پلانی كاری تۆكمەی هاوبەش)، فۆردۆ لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا مایەوەو هەندێك چالاكیی سنوردار ێگەپێدراو بو، بەڵام دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە لەساڵی ٢٠١٨ لەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بو، ئێران توانای پیتاندنی خۆی زیادكردو چالاكییەكانی لەو دامەزراوەیە فراوانتر كرد.
لە نێو ئەو ئاڵۆزییە سەربازییەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریكا جارێكی دیكە فۆردۆ بوەتەوه جێی سەرنج و لە چەند رۆژی ڕابردودا هێزەكانی ئەمریكا لە هێرشێكی ئاسمانییان شوێنەكەیان كردە ئامانج، وێنەی مانگی دەستكرد شەش كونیان ئاشكرا كردوە كە پێدەچێت بەهۆی لێدانەكەوە بێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری زیانێكی بەرچاو بە ژێرخانی فۆردۆ.
شارەزایانی بواری ئەتۆمی رایانگەیاندوە، ڕەنگە هێرشەكە بەشێوەیەك بەشێك یان بەتەواوی دامەزراوەكەی لەناوبردبێت، لەنێویاندا سەنتەرفیوژەكان، بەڵام تائێستا هیچ پشتڕاستكردنەوەیەكی فەرمی لەسەر ڕادەی زیانەكان نیە، خەمڵاندنەكانی زیانەكانی ژێر زەوی بەهۆی قووڵی شوێنەكەو قەڵا قورسەكانەوە تا ئێستا نادیارە.
وەڵامی ئێران لێدانی ئەمریكای بە دەستدرێژییەكی ئاشكرا لە دژی سەروەری وڵاتەكەی زانی و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی دەكرد، ئەمریكاش جەختی لەوە كردەوە كە ئەم هێرشە بەشێكە لە هەوڵەكانی بۆ ڕاگرتنی هەر پێشكەوتنێكی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، تۆمەتێك كە تاران ڕەتیدەكاتەوەو پێداگری لەسەر دەكات ئەوەیە بەرنامەكەی تەنها ئاشتیانەیه.
لەگەڵ پەرەسەندنی ترسەكان لەوەی كە ڕوبەڕوبونەوەكە بگوازرێتەوە بۆ ململانێیەكی فراوانتر لە ناوچەكەدا، دامەزراوەی فۆردو جارێكی دیكە بوەتە هێمای بەردەوامی گرژییە ئەتۆمییەكان و نیشاندەری ناسكی ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان لەنێوان ململانێ جیۆپۆلەتیكیەكاندا.
دامەزراوە ئەتۆمییەكانی دیكە لە ئێران:
ئێران جگە لە دامەزراوەی فۆردۆ، تۆڕێكی بەرفراوانی دامەزراوەی ئەتۆمی هەیە كە لە سەرانسەری وڵاتدا دابەشكراون و هەریەكەیان ڕۆڵێكی گرنگ لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا دەگێڕن:
نەتەنز:دامەزراوەی نەتەنز كە دەكەوێتە پارێزگای ئەسفەهان، یەكێكە لە گەورەترین و گرنگترین ناوەندەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران. دامەزراوەی سەرەكییە و هەزاران سانتریفیوجی IR-1 و IR-6ی تێدایە و لە ساڵانی ڕابردوودا دووچاری هێرشی ئەلیكترۆنی و تێكدەر بووە، دیارترینیان لە ساڵانی 2020 و 2021، نەتەنز بڕبڕەی پشتی تواناكانی پیتاندنی ئێران پێكدەهێنێت.
ئاراك:دەكەوێتە پارێزگای (مەركەزی) و ڕیاكتۆرێكی ئاوی قورسی تێدایە كە بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم دیزاین كراوە، ئەمەش نیگەرانی دروستكردوه كە دەتوانێت بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنرێت، بەپێی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستكاریكردنی ڕیاكتۆرەكە بۆ ڕێگریكردن لە بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم كە لە دروستكردنی چەك بەكاردێت، بەڵام تائێستاش لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە.
ئەسفەهان: دامەزراوەی گۆڕینی یۆرانیۆم، لەنێویاندا كارگەی UCF كە كێكی زەرد دەگۆڕێت بۆ غازی UF6، كە لە پرۆسەكانی پیتاندن بەكاردەهێنرێت، ئەسفەهان ناوەندێكی زانستی و تەكنیكی گرنگە لە بەرنامەی ئەتۆمیدا.
بوشەهر: یەكەم وێستگەی ئەتۆمی ئێرانه كە دەكەوێتە كەنارەكانی كەنداوی فارس، بە هاوكاری لەگەڵ روسیا دروستكراوەو لەساڵی ٢٠١١ دەستی بە كارەكانی كردووە، ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە بوشەهر تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە و بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكارناهێنرێت.
پارچین: دامەزراوەیەكی سەربازیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران كە گومان دەكرێت شانۆی چالاكیی ئەتۆمی ڕانەگەیەندراو بێت كە پەیوەندی بە تەقینەوە گەورەو بەرزەكانەوە هەیە، ئێران بۆ ماوەیەكی دورودرێژ رێگەی لە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گرت دەستیان بە تەواوی بەو شوێنە بگات.