كۆمیسیۆنی عێراق: ئامێرەكانی دەنگدان لە كۆریای باشوورەوە هێندراون

2 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، 581 بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە.
 عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، كۆی گشتیی ئەو بەربژێرانەی تاوەكو ئێستا دوورخراونەتەوە، گەیشتووەتە 581 بەربژێر.
 باسی لەوەشكرد، 195 بەربژێر كە دوورخراونەتەوە بەهۆی كەموكوڕی لە بەڵگەنامەكانیان و پابەندنەبوون بووە بە مەرجەكانی بەربژێربوون و ئەو رێژەی كە كۆمیسیۆن دایناوە لەبارەی بڕوانامەكان و نوێنەرایەتی ژنان لەناو ئەو لیستانە.
 باسی لەوەشكرد، 104 كەسی دیكە لەسەر بەڵگەی تاوان و 15 كەس بەهۆی بڕوانامەی ساختە و نزیكەی 10 بەربژێری دیكەش لە پێكهاتەكان دوورخراونەتەوە.
عیماد جەمیل راشیگەیاند، ئامێرەكان لە كۆریای باشوورەوە هێندراون، ئەوان لیژنەی تەكنیكی و شارەزای عێراقیان هەیە كە پڕۆگرامیان دەكەن بۆ هەڵبژاردن، نەوەك ئەوەی لە كۆریا پرۆگرام بكرێن، وتیشی، ئەم ئامێرانە نوێ نین، بەڵام نوێكراونەتەوە و پەرەیان پێدراوە.
ئەم ئامادەكاریانە لە كاتێكدایە، بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group