نەوا-
كۆمسیۆنی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ دەربارەی فەڵەستین رایگەیاند، ئیسرائیل لە غەزە جینۆساید ئەنجام دەدات و پێویستە وڵاتان پابەندییەكانیان بۆ راگرتنی شەڕ جێبەجێ بكەن.
لە چوارچێوەی 69هەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان، كۆمسیۆنەكە راپۆرتێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردوە كە ئیسرائیل جینۆساید دژی فەڵەستینییەكانی كەرتی غەزە ئەنجام دەدات و داوا لە گشت دەوڵەتان كراوە پابەندییە یاساییەكانی خۆیان لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی بۆ كۆتایهێنان بەجینۆسایدو سزادانی ئەنجامدەرانی جێبەجێ بكەن.
هەروەها لەڕاپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە كە كۆمسیۆنەكە لێكۆڵینەوەی لە روداوەكانی دوای حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 كردوەو گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كە هێزەكانی ئیسرائیل چوار لەسەر پێنجی كردەوەی جینۆساید كە لە رێككەوتننامەی رێگرییكردن لەتاوانی جینۆسایدو سزادانیدا هاتوە ئەنجامدەدەن كە بریتین لە كوشتن، زیانگەیاندنی جەستەیی یان دەرونی قورس، بەئەنقەست خراپكردنی بارودۆخی ژیان بەشێوەیەك كە ببێتەهۆی لەناوبردنی تەواوەتی یان بەشێكی فەڵەستینییەكان و پیلانگێڕان بۆ رێگرییكردن لە منداڵبون.