نەوا-
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، گرووپەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی سووری، بە دوو درۆنی خۆكوژ ناوچەكانی نیشتەجێبوونی دەوروبەری بەنداوی تشرینیان كردە ئامانج.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، ئەو گرووپە چەكدارانە جارێكی دیكە بە دوو درۆنی خۆكوژی دیكە "گردی سیریاتێل"یان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین كردووەتە ئامانج، بەڵام بەگوێرەی بەیاننامەكە هیچ زیانێكی گیانی لە ڕیزەكانی هەسەدەدا نەبووە.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، هێزەكانی سووریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنێكی "بەرگریی ڕەوا"یان دژ بە شوێنی هەڵدانی درۆنەكان ئەنجامدا و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی جۆری تۆیۆتا و پێگەیەكی سەربازی ئەو گروپانە كرانە ئامانج، كە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك لە چەكدارەكانیان.
ئەم گرژییانە لە كاتێكدایە كە ناوچەكە پەرەسەندنی سەربازی بەخۆوە دەبینێت؛ لە 22ـی كانوونی یەكەمدا، گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ببوونە گۆڕەپانی پێكدادانی قورس لەنێوان هەسەدە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا.