وەزیری كشتوكاڵی عێراق: بڕێكی باش باران باریوە و تا رادەیەكی زۆر باش زەوی تێر ئاو كردووە
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
عەباس جەبر مالیكی وەزیری كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لەم دواییانەدا بڕێكی باش باران لە وڵاتدا باری، ناڵێین مەترسی وشكەساڵی نەماوە و هێشتا ئەو بڕە بارانە بۆشایی ئەو بەشە ئاوەی پڕ نەكردووەتەوە، كە دەبوو لەلایەنی توركیاوە بۆیان بەربدرێتەوە، بەڵام تا رادەیەكی زۆر باش زەوی تێر ئاو كردووە.
وتیشی، ئێمە لە رابردوودا خراپترین دۆخی ئاومان هەبوو، تەنانەت كێشەی ئاوی خواردنەوەشمان بۆ دروستبوو، بەڵام ئەم شەپۆلی بارانە كە بەشی زۆری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان باری، دوو قۆناخی ئاودانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پڕكردووەتەوە.
عەباس مالیكی ئاماژە بەوە دەكات، كاریگەریی ئەرێنی و تەواوەتی لەسەر دۆخی كشتوكاڵ و ئاوی كۆگەكراو ئەوكاتە دەردەكەوێت، ئەگەر بارانبارین بەم شێوازە تاوەكو مانگی سێ و چوار بەردەوام بێت.