نەوا-
كۆمەڵەی ژنانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، ناوچەی عەرەبی كە ناوچەیەكی ئاڵۆزی قەیرانە سیاسی و ئەمنییەكانە بەهۆی دەستێوەردانە دەرەكییەكانەوە بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕێت كە بە رونی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی كۆمەڵایەتی و مرۆیی و ئابوری هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەك فەڵەستین و عیراق و ئێستاش لە سوریا كە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی تێدایە بارودۆخی ژیان خراپتر بوە.
كۆمەڵەی ژنانی عیراق ئاماژەشیكردوە، شەڕو ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەكان لە سوریا دەرەنجامێكی قورسی لێكەوتوەتەوە كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ژنانی سوریا دەكات كە بونەتە یەكێك لە قوربانییە دیارەكانی ئەو ململانێیانە، ئەو پێشێلكارییانەشی كە لە پارێزگاكانی حەسەكە و دێرەزۆر و رەققە رویانداوە، لەوانە بێڕێزیكردن بە جەستەی ژنە شەڕڤانەكان و كچانی كورد پێشێلكارییەكی ئاشكراو قبوڵنەكراوی هەمو رێككەوتننامە نێودەوڵەتی و مرۆییەكانەو پێشێلكردنی ئاشكرای بنەماكانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.
كۆمەڵەی ژنانی عیراق راشیگەیاندوە، داوای خێراكردنی روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە دەكەن لەڕێگەی بەهێزكردنی مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاساو پشتیوانیكردن لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەتی ژنان و كچان و دەستەبەركردنی سەلامەتیان، هەروەها گەیشتن بە ئاشتییەكی بەردەوام لە سوریایەكی دیموكراسیدا.