دەسەڵاتدارانی سریلانكا: دەریاوانە ئێرانییە رزگاربووەكان لەژێر چاودێری پزیشكیدان
2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
دەسەڵاتدارانی سریلانكا ئەمڕۆ (پێنجشەممە) رایانگەیاند كە ئەو دەریاوانە ئێرانیانەی لە هێرشێكی ژێردەریایی ئەمریكی لە زەریای هیند رزگاریان بووە، لە نەخۆشخانەیەكی شاری "گالی" كەناراو لە سریلانكا لەژێر چارەسەردان؛ ئەمەش ڕۆژێك دوای ئەوە دێت كە لانی كەم 87 كەس لەو هێرشەدا كوژران.
دەسەڵاتدارانی نەخۆشخانەی نیشتمانی لە "گالی" و سەرچاوەكانی هێزی دەریایی رایانگەیاندووە كە تیمەكانی ڕزگاركردنی سەربازی 87 تەرمیان هێناوەتەوە، دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ چوارشەممە بەدەم بانگی هاناوەچوونی كەشتی "ئێریس دینا"وە چوون. دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەش كردووە كە گەڕان بەدوای نزیكەی 60 كەسی دیكەدا كە لەناو كەشتییەكەدا بوون و تائێستا بێسەروشوێنن، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەم هێرشە كە مەودای جەنگەكە بە شێوەیەكی بەرچاو فراوانتر دەكات، لە زەریای هیند و بە دووری سەدان میل لە كەنداو ڕوویدا، لەو شوێنەی كە هێزەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل هێرش دەكەنە سەر ئێران و تاران بە مووشەك و درۆن وەڵامیان دەداتەوە. پێیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە پێنتاگۆن وتی: «ژێردەریاییەكی ئەمریكی كەشتییەكی جەنگی ئێرانی نوقم كرد كە پێیان وابوو لە ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا پارێزراوە، بەڵام تۆرپیدۆیەك نوقمی كردن. مردنێكی بێدەنگ بوو.»