نەوا-
وەزارەتی نەوتی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ناوچەی كەنداو دەردەبڕێت، بەتایبەتی ئەو ڕووداوانەی كە هەندێك لە تانكەرەكانی نەوتیان لە ڕێڕەوە دەریاییەكاندا كردە ئامانج.
ڕاشیگەیاند، عێراق پێی وایە ئەم پێشهاتانە ئاماژەیەكی مەترسیدارن بۆ زیادبوونی گرژییەكان لە ناوچەیەكی زیندوودا كە بۆ ئابووریی جیهان و دابینكردنی وزە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە.
لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی نەوتدا جەخت لەوەكراوەتەوە، كە پێویستە ئاسایش و سەلامەتیی گەشتی دەریایی لە ڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەكان و ڕێگاكانی گواستنەوەی وزە، لە ململانێ و كێبڕكێ هەرێمییەكان بەدوور بگرێت؛ چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت نەك تەنها لەسەر وڵاتانی ناوچەكە، بەڵكو لەسەر سەقامگیریی ئابووریی جیهان و بازاڕەكانی وزەش. هەروەها ژیانی مەدەنییان و كارمەندانی كەرتی گواستنەوەی دەریایی ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە دەكاتەوە، جگە لەوەی كاردانەوەی نەرێنی لەسەر باری گوزەرانی ملیۆنان كەس لە ناوچەكە و جیهاندا دەبێت”.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، عێراق وەك وڵاتێكی گرنگی بەرهەمهێنەری وزە و خاڵی بەیەكگەیشتن و پردی گفتوگۆ لە ناوچەكەدا، داوای لە سەرجەم لایەنەكان كردووە دان بەخۆیاندا بگرن، هەروەها جەختی كردەوە، لەسەر گرنگیی هێشتنەوەی رێڕەوە ئاوییەكان و دامەزراوەكانی ژێرخانی وزە لە دەرەوەی ململانێكان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی بازاڕی وزە و سەقامگیریی ئابووریی ناوچەكە و جیهان.