سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانەكەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لەزاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق بڵاویانكردەوە، سەردانەكەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریكا و سعودیە هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.
هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكە دوای چەند كاتژمێرێك دێت كە هێزەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، چەند بارەگایەكیان لە هێرشێكی ئەمریكا و سعودیە كراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە 20 كەس كوژراون و 32 كەسیش برینداربون.
هاوكات، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كردوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، كۆبونەوەكە لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی و ئەو هێرشە ئاسمانییانەدا بانگهێشتكراوە كە بەیانی ئەمڕۆ وڵاتەكەیان كردە ئامانج.