6 رۆژی دیكە مووچەی ئەو كەسانە رادەگیرێت كە كارتی "هەژماری من" وەرناگرنەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
تیمی پڕۆژەی هەژماری من ئاگاداریی ئەو مووچەخۆرانە دەكات كە تا ئێستا رێكارەكانی وەرگرتنی كارتی بانكییان تەواو نەكردووە و رایدەگەیەنێت، تەنیا 6 رۆژ لەبەردەم ئەو كەسانەدا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان.
بەپێی راگەیەندراوێكی تیمی پڕۆژەی هەژماری من ، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مەرجێكی فەرمی حكومەتی عێراق دراوە، كە تێیدا جەختكراوەتەوە لە رۆژی 1ی ئەیلوولی 2026ـەوە، سیستەمی دابەشكردنی مووچە بە شێوەی دەستی و نەختینە (كاش) بە یەكجاری رادەگیرێت، هەر مووچەخۆرێك تا ئەو وادەیە پرۆسەی تۆماركردن و وەرگرتنەوەی كارتی بانكی تەواو نەكات، ناتوانێت مووچەكەی وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی 31ی ئاب دواین وادەیە بۆ تەواوكردنی رێكارەكان و ئەمە وەك دواین ئاگاداركردنەوە هەژمار دەكرێت، ئامارەكان دەریدەخەن كە تا ئێستا نزیكەی 130 هەزار مووچەخۆر كارتەكانیان لە بانكەكان ماوەتەوە و وەریان نەگرتووەتەوە.
سەبارەت بە رێژەی بەشداری لە پڕۆژەكەدا، تیمی (هەژماری من) روونیكردەوە كە تا ئێستا 97%ی كۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەكەدا تۆمار كراون، بەڵام پێویستە ئەو رێژەیەی كە ماوە یان كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، لە ماوەی ئەو 6 رۆژەدا سەردانی بانكەكان بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێكی مانگی نوێدا رووبەڕووی گرفتی راگرتنی مووچە نەبنەوە.