نەوا-
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەڵێت، تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نەدراوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەشێكە لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانان و عێراقن بۆ ئەوەی سنورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ئەو ئامڕازانەی پێویستن بۆ هەرێم بۆ ئەوەی توانای خۆپاراستنی بەرزبكرێتەوە و چیتر ئەو هێرشانە كاریگەریان لەسەر هاووڵاتیان و ناوچەكە نەمێنێت.
باسی لەوەشكرد، بابەتی هاوكاری ئەمریكا بۆ پێشمەرگە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەندەی ئاگادارە سەردان و گفتوگۆ و راگۆڕینەوە چ لێرە و چ لە ئەمریكا لەنێوان شاندەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی پنتاگۆن ئەنجامدراوە و تائێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە، بەڵام هیوادارە هەم هاوكاری دارایی و هەم هاوكاری ئەمنی بەردەوام بێت چونكە پێویستیان پێیەتی.
وتیشی، لەسەر سیستەمی گومرگیی ئەسیكۆدا گەیشتووینەتە ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق و تەنیا چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ جێبەجێكردنی.