وەزیری پەروەردە: دیزانینی جلوبەرگی خوێندكارانمان گۆڕیوە و نرخەكەشی هەرزانترە

1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی  ئاشكرایكرد، یەكێك لە كارە لەپێشینەكان، چاپكردنی كتێبی نوێ بووە كە نزیكەی 20 ملیۆن كتێب چاپ كراون، تا ئێستاش 90٪ـی كتێبەكان گەیشتوونەتە كۆگاكانی شار و شارۆچكەكان، ئەگەر بارودۆخەكە رێگر نەبێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 99٪ـی كتێبەكان دەگەنە هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەشكرد، 264 كۆنتێنەری كەلوپەل گەیشتوونەتە پەروەردەی شارۆچكەكان و پرۆسەی چاككردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەكانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكان بەردەوامە.
وەزیری پەروەردە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا روونیكردەوە، 32 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵ ئامادەكراون، كە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەش بوون 8 لە سلێمانی، 6 بۆ 8 لە هەولێر، 8 لە دهۆك، یەك لە ڕاپەڕین، دوو لە گەرمیان و دوو لە زاخۆ.
هەورەها وتیشی، نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە بۆ دابینكردنی نەوت، هەروەها رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی تری ئەو باڵەخانە نوێیانە.
لە بارەی جلوبەرگی خوێندن ئالان حەمە سەعید رایگەیاند، دیزانینی جلوبەرگی خوێندكارانمان گۆڕیوە و نرخەكەشی هەرزانترە لە ساڵانی پێشوو، بۆ ئەوەش لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەك گرێبەستمان نەكردووە.
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، سبەینێ سێشەممە، مامۆستایان دەستبەكار دەبنەوە و پرۆسەیەكی فراوانی ڕاهێنان دەستپێدەكات، بۆ ماوەی 19 رۆژ پرۆسەی راهێنان بەردەوام دەبێت، تیایدا هەر مامۆستایەك پێنج بۆ شەش رۆژ راهێنان لەسەر بابەتەكانی تەكنەلۆژیا، زیرەكی دەستكرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group