سڕینەوەی قەرزی هاووڵاتییان بە فەرمانی سیاسی بۆ ڕێگریکردن لە داڕمان

د.پیرۆت محمد امین

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لە مێژووی شارستانیەتە کۆنەکاندا، زۆرجار دەسەڵاتداران بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی کۆمەڵگە و پاراستنی سەقامگیری ئابووری، پەنایان بۆ بڕیاری ئازایانە بردووە. لە نێو ئەم ئەزموونە مێژووییە دەگمەنانەدا، ڕێبازی "ئامارگی" کە نزیکەی ٤٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن فەرمانڕەوای سۆمەری "ئینتێمێنا" لە شاری لاگاش بەکارهێنرا، وەک یەکێک لە کۆنترین نموونەکانی لێخۆشبوونی گشتی لە قەرز تۆمار کراوە. ئەم چەمکە کە لە ڕووی زمانەوانییەوە بە مانای "گەڕانەوە بۆ دایک" یان رزگاربوون لە کۆیلایەتیی قەرز دێت، نەک تەنیا کەرەستەیەکی مێژوویی، بەڵکو مۆدێلێکی فیكریی قوڵە کە دەکرێت لەمڕۆدا بێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
ئەم ئالیەتە مێژووییە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی گشتگیری قەرزە کشتوکاڵی و کەسییە کەڵەکەبووەکانی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی پەرستگا یان نوخبەی دەسەڵاتدار و تەسفیرکردنی تەواوەتیی تۆمارەکان دەبینییەوە، لەگەڵ ڕزگارکردنی کۆیلەکانی قەرز وڕێگەی کۆتاییهێنان بە کۆیلەیەتیی قەرزاری و ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی نەدانی قەرزەوە خۆیان یان خێزانەکانیان ڕەهن کردبوو، سەرباری گەڕاندنەوەی موڵک و مالە ڕەهنکراوەکانی وەک زەویی کشتوکاڵی و خانوو بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە بەهۆی نەبونی توانایان   لە دانەوەی سەرمایەی قەرزەکە یان سوودە کەڵەکەبووەکانی لەدەستیان دابوو. 
ئەم ئالیەتە تەنیا ڕێکارێکی خێرخوازی نەبوو، بەڵکو سەقامگیری بوو بۆ پاراستنی دەوڵەت چونکە فەرمانڕەوا دێرینەکان درکیان بەوە کردبوو کە کەڵەکەبوونی قەرز و سوودەکان دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی سەرمایە لە دەستی توێژێکی بچووکی قەرزدەران و هەڵوەشاندنەوەی توێژی ناوەڕاست و کشتوکاڵی و داڕمانی توانای سەربازیی سوپا بەهۆی لەدەستدانی زەوی و ئازادی لەلایەن قەرزارەکانەوە.
دواتر بەکارهێنانی ئەم ئالیەتە لە بابل (لەژێر ناوی ئەندورارو) و لە یاسا بابلئییە بەناوبانگەکانی وەک شەرعیەتی حاموڕابی و لە نەریتە عیبرانییە دێرینەکانیشدا (ساڵی یووبیل) بڵاوبووەوە، کە تێیاندا سیستەمی ئابووری بە شێوەیەکی خولیی دووبارە ڕێکدەخرایەوە بۆ ڕێگری لە داڕمانی کۆمەڵایەتی.
دیارە جێبەجێکردنی مۆدێرنی "ئەمارگی" بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرجەم قەرزەكان لە ئابوورییەکی ئاڵۆزی ئەمڕۆدا ڕەنگە کارێکی دوور لە واقیع بێت، بەڵام جەوهەر و بنەما هزرییەکانی ئامارگی قابل بە کارپێکردنن. سۆمەرییەکان درکیان بەوە کردبوو کە کاتێک قەرزی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگاتە ئاستێک کە بنەماکانی ژیانی خێزانەکان هەڵتەکێنێت، دەستوەردانی ڕاستەوخۆی دەسەڵات بۆ سفرکردنەوەی ئەو گوشارانە پێویستییەکی پێکهاتەییە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی یەکپارچەیی کۆمەڵگە.
گواستنەوەی ئەم بیرۆکەیە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەکرێت تێڕوانینێکی هاوشێوە لەسەر ڕەوشی ئابووری دروست بکات. هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی بەردەوامی دارایی و بڕینی بودجەو پاشەکەوتی مووچە و سستبوونی بازاڕەوە لەتاقیکردنەوەیەکی سەختی ئابووریدایە. لە کەشێکی ئاوادا، هاوڵاتییان کەوتوونەتە ژێر بارگرانیی قەرزی جۆراوجۆری حکومی وەکو قەرزی خانوبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری ویەکەکانی نیشتەجێبوون و ڕسووماتی کەڵەکەبووی خزمه‌تگوزارییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، سەیرکردنەوەی بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی "ئامارگی" دەتوانێت ئاسۆیەکی نوێ بۆ بیرکردنەوە لە ئاڵۆزییە داراییەکانی هەرێم بکاتەوە، بەتایبەت لە ڕووی سەرلەنوێ هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندی نێوان حكومەت و دارایی و ڕەوشی گوزەرانی هاوڵاتیان.

پەیڕەوکردنی سیاسەتێک هاوشێوەی پرەنسیپەکانی "ئەمارگی" یان جێبەجێکردنی یاسایەکی گشتگیری لێخۆشبوون لە قەرزە حکومییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاوڵاتییان، دەکرێت وەکو پلانێكی ستراتیژی سەرەکی تەماشا بکرێت. 
سڕینەوەی قەرزەکان لێکەوتەی خێرا و ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت.لادانی باری قەرز دەستبەجێ بەشێک لە داھاتی خێزانەکان ڕزگار دەکات و دەستکراوەیان دەکات لە خەرجکردنی ڕۆژانەدا. ئەم هەنگاوە ئاستی نادڵنیایی و گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، هەروەها گەشە بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەدات و ڕێگری لە داڕمانی توانای بژێویی توێژە لاوازەكان دەگرێت. لە هەمان کاتدا دەرفەت بۆ کاسبکار و هاوڵاتیانی قەرزدار دەڕەخسێنێتەوە کە بێ ترسی دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەکەیان بگەڕێنەوە ناو بازاڕ و چالاکی ئابووری دەستپێبکەنەوە.
لە لایەکی ترەوە، لێخۆشبوون لە قەرزەکان لە لایەن حکومەتەوە ئاماژەیەکی بەهێزی هاوسۆزی و پشتیوانییە لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتییاندا لە کاتە سەختەکاندا. کاتێک هاوڵاتی هەست بکات فشارە داراییەکانی لەلایەن حکومەتەوە لەبەرچاو دەگیرێت و دەرفەتی دەستپێکردنەوەی نوێی پێدەدرێت، متمانەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرزدەبێتەوە. 
لە لایەکی ترەوە، سڕینەوەی قەرزەکان بڕێک لە داهاتە چاوەڕوانکراوەکانی خەزێنەی گشتی کەمدەکاتەوە و ئاڵۆزی بۆ بەڕێوەبردنی نەقدیی کورتخایەن دروست دەکات کە پێویستی بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بودجە دەبێت. بەڵام لە مەودای درێژخایەندا، سیستەمی دارایی لە ژمارەیەکی زۆری قەرزی کەڵەکەبووی پاک دەکاتەوە.

ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونە مێژووییەکانی وەکو "ئامارگی" و "ئەندورارو" دەرخەری ئەو راستییەن کە پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی هێزی ئابووریی هاوڵاتیان، هەمیشە پێویستی بە بڕیاری ئازایانەی دەسەڵات هەبووە. لە هەرێمی کوردستانیشدا، لێخۆشبوون لە قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هاوڵاتیان تەنیا هەنگاوێکی خێرخوازی نابێت، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ستراتیژییە بۆ رزگارکردنی ئابووری لە سستبوون و بووژاندنەوەی توانای کڕین و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە لە داڕمان. 
لە کۆتاییدا، خستنەگەڕی سیستەمێکی دارایی هاوچەرخ کە تیایدا مرۆڤ و ژیانی شەرەفمەندانە بخرێتە سەرووی ئامارە وشکەکانی قەرزەوە، کلیلێکی سەرەکییە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات. ئەزموونی مێژوویی و ڕێبازی کۆنی سۆمەرییەکان سەلماندوویانە کە کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی لەژێر گرانی بارگرانیی قەرزدا دەستەپاچە نەبن پێویستیان بە ساتەوەختێک هەیە لە ساڕێژکردنەوەی دارایی ، تاوەکو ئابووری دووبارە ببوژێتەوە.
 
د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی : دارایی گشتی

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group