نەوا-
نوێنەرانی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو لە هەرێمی كوردستان، كە ژمارەیان 729 كەسە، لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا دوو داواكاریان ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی دامەزراندنیان.
لە داواكاری یەكەم: داوا دەكەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراقدا پلەی وەزیفی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا لە هەرێم دیاری بكرێت، ئەوان پێیان وایە شایستەی دارایی ئەم دامەزراندنە كەمتر لە 1 ملیار دیناری پێویستە و دەكرێت لە رێگەی "سڕینەوە و لەجێدانان" لە بەشی هەرێم جێگیر بكرێت. جەختیش دەكەنەوە كە بەپێی یاسای ژمارە 59ی ساڵی 2017، مافی دامەزراندن دراوە بە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە هەموو عێراقدا، بەڵام تەنها لە هەرێمی كوردستان بێبەش كراون.
هەورەها لە داواكاری دووەم دەڵێن، لە ئەگەری بە ئەنجام نەگەیشتنی داواكاری یەكەم، داوا لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكەن بڕیاری دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست بۆ دەربكات. پێشنیاز دەكەن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك مامۆستا لە شوێنی ئەو 1000 كەسەی كە تا ئێستا دەستبەكار نەبوون، دابمەزرێن و مەرجی تەمەنیشیان بۆ لادببرێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە باڵاكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەوان شایستەترین چینن بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان، چونكە زۆربەیان خاوەنی ئەزموونی وانەوتنەوەن لە كەرتی تایبەتدا و داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان و فراكسیۆنەكان پاڵپشتی لەم كەیسە بكەن.