نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری ئەدمیراڵ ئێدوارد ئالگرین راوێژكاری باڵای سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقاو شاندێكی یاوەری كۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا هاریكاریی ئەمنی و بەرگریی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، كۆنترۆڵكردنی چەك لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عیراقەوە، هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو دوا پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كراون، لەوبارەیەوە
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیای كردوە لە مەشق و راوێژپێدانی سەربازی و ئەمنی بە عیراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جەختی لە گرنگی بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی پاشماوەكانی داعش و مەترسییەكانی تیرۆر كردوەتەوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، جێگری ئەدمیراڵ ئالگرین دوپاتیكردوەتەوە كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە لەپەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و ئارامی و سەقامگیرییان دەڕوانێت، هەروەها ئامادەیی بەریتانیای بۆ بەردەوامیی هاوكاری و برەودانی زیاتر بە هاوبەشیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان دوپاتكردوەتەوە.