رونكردنەوەیەك لەسەر چاوپێكەوتنەكەی مەسرور بارزانی لە فاینانشاڵ تایمز بڵاوكرایەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
نوسینگەی راگەیاندنی  مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی رۆژنامەوانی بڵاوكردەوە لەسەر ئەو چاوپێكەوتنەی لە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە.
لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەدا هاتوە كە چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم چەندین دۆسیەی گرنگی لەخۆگرتوە لە سەرویانەوە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانە لەعیراق و مەترسییەكانی جێهێشتنی هەرێمی كوردستانە بەبێ سیستمی بەرگری، بەڵام بەداخەوە ئەو راپۆرتەی بڵاوكراوەتەوە پیشەیی و بابەتیانە نەبوە لە گواستنەوەی لێدوانەكاندا بەڵكو نوسەری راپۆرتەكە شیكاریی تاكەكسی خۆی بۆ دەرەنجامی لێدوانەكان كردوە كە راستییەكانی شێواندوە.
هەر لە لێدوانەكەدا هاتوە، مەسرور بارزانی لەو چاوپێكەوتنەدا رایگەیاندوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەعیراق لەكاتێكی زۆر هەستیاردایە، زیاتر لە هەزارجار هەرێمی كوردستان روبەڕوی هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوەتەوە، بۆیە جێهێشتنی هەرێمی كوردستان بەبێ دابینكردنی بەرگریی ئاسمانی جێی نیگەرانییەو بەردەوامی ناسەقامیگری لەعیراق هەڕەشە دروستدەكات بۆ سیستمی فیدراڵی.
مەسرور بارزانی لە چاوپێكەوتنەكەدا وتوشیەتی: شانازی بە هاوڕییەتی و هاوپەیمانی پتەو لەگەڵ ئەمریكا دەكەن و لەهەمانكاتدا پەرۆشن بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگ و دراوسێیەتی باش لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە لەناویاندا كۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها پشتیوانی تەواوی هەوڵەكانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و چەكداماڵینی میلیشیاكان و چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group