وەزارەتی پێشمەرگە: جێهێشتنی كوردستان بەبێ دابینكردنی سیستمی بەرگریی مایەی نیگەرانییە

54 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 30ی ئەیلول هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەكشێنەوە، كشانەوەكە دەرەنجامی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی حكومەتی عیراق و ئەمریكاو هاوپەیمانانە كە لەكاتێكی هەستیاردایە بە تایبەت كە بارودۆخی ئاسایشی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرەو پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروستە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریكاو ئێران لە مانگەكانی رابردو، هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزارجار روبەڕوی هێرشی درۆنیی و موشەكی بالیستیك بوەتەوە كە بەشێكیان لەسەر ناوچە مەدەنییەكان كەوتنە خوارەوەو شەهیدو بریندار و زیانی مادی لێكەوتۆتەوە، جێهێشتنی كوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێكی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا بەبێ دابینكردنی هیچ سیستمێكی بەرگری مایەی نیگەرانییە، لە هەمانكاتدا ئەركی لە پێشینەی حكومەتی فیدڕاڵە كە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەكاتی پێویستیدا لەئەستۆ بگرێت.
وەزارەتەكە راشیگەیاندوە، هێزی پێشمەرگە وەك چۆن لە رابردو پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان بوە لە داهاتوشدا بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێكی نوێ ئامادەیە، وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەكات و رێز لە هاوكاری و پشتیوانیان دەگرێت لە رابردودا كە بەرامبەر هەرێم و هێزەكەیان پێشكەشیان كردوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group