حكومەتی هەرێم 11 گەنجی دیكە لە وڵاتی لیبیاوە دەگەڕێنێتوە هەرێم

1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبونی كۆمەڵێك هاونیشتیمانی لە وڵاتی لیبیا بەدەستمان گەیشت، راستەوخۆ لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەردو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕاسپێردران، كە بەپەلە ڕێككاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگاركردن و هێنانەوەیان، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەكانی تایبەت بە هەر یازدە هاونیشتیمانی تەواوبوە لەو چەند ڕۆژە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان. 
باسی لەوەشكرد، لەهەمان كاتدا وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە هەمو هەوڵ و توانایەكیان بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10 هاونیشتیمانی دیكەی راپەرین چڕكردوەتەوە كە ماوەیەكە بێ سەروشوێنن و بەهەماهەنگی لەگەل باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەرێگەی نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەران و بەدواداچون بەردەوامە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەكانیان دەكاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی كۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا.
دووپاتیشی كردۆتەوە، ئەوجۆرە كۆچە نەك هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، بەڵكو دەبێتە هۆی پێشێلكاری یاسایی وڵاتانی دیكە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت، هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی روبەڕوی ئەو گەنجانە بوەوە، كە هەندێكیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەكاندا بون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی روبەڕوی مەترسییەكانی مردن بونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group