نەوا-
عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هاریكاریی ئابوریی كرد میكانیزمێكی هەرێمیی دابمەزرێنن بۆ مسۆگەركردنی دابینكردن و گواستنەوەی وزە.
لە 30هەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هاریكاریی ئابوریی كە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان بەڕێوەچو، عیراقچی ئاماژەی بەوە كرد، بازرگانی گواستنەوەو وزە سێ هۆكاری سەرەكی رێكخراوەكەن و لە هەلومەرجی نێودەوڵەتی ئێستادا گرنگی رێكخراوەكە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت پێویستە هاریكاریی نێوان وڵاتانی ئەندام بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی بەرجەستە.
عیراقچی باسی لەوەشكرد، هێرشەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل كاریگەریان لەسەر ئاسایشی وزە لەناوچەكەدا دروستكردوە، لەبەر ئەم هۆكارە بەتایبەت بەهێزكردنی هاریكاریی بەپەلە لە بواری وزەدا بوەتە بابەتێكی لەپێشینە، زیادكردنی خۆڕاگریی هاوبەش بەرامبەر بە پەرەسەندنە جیۆپۆلەتیكییە لەناكاوەكان و گرفتەكان، پێویستی بە میكانیزمێكی ئاسایشی هەرێمیی پارێزراو و بەردەوام هەیە.