هاندەرانی ئەرجەنتین داوا دەکەن قەرەبوی لیبەرتادۆریس بە "کلاسیکۆ" بکرێتەوە !

08/12/2018 وەرزش

نەوا
هاندەرانی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەتایبەت هەردوو یانەی ڕیڤەرپلەیت و بوکا جونیۆرز، داوا دەکەن لەبەرامبەر ئەنجامدانی فاینەڵی جامی لیبەرتادۆریس لەشاری مەدرید، یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیا لە وڵاتەکەی ئەواندا ئەنجام بدرێت.
ئاژانسی "ئی ئێف ئی" ئیسپانی لێدوانی لە چەندین هاندەری یانەکانی بوکا جونیۆرز و ڕیڤەرپلەیت وەرگرتووە دەربارەی ئەنجامدانی یاریی نێوان دوو یانە مێژووییەکە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ئیسپانیا.
زۆرینەی هاندەران بێزاری خۆیان بەرامبەر بە بڕیارەکە دەربڕیوە و خەمباربوون بەوەی یارییەکەی ئاگرین کە چەندین ساڵە چاوەڕوانی دەکەن لە وڵاتەکەیان زەوت کراوە و لە ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت.
لەم بارەیەوە هاندەرێکی ڕیڤەرپلەیت بەناوی ماکسیمیلیانۆ فیدێلا ڕایگەیاندووە :" بە ئازارە هاندەرانی تۆپی پێی ئەرجەنتین ناتوانن ڕاستەوخۆ بینەری یاریی بوکا و ڕیڤەر بن، لەبەرئەوەی لە ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، ئێمەش داوا دەکەین لەقەرەبوی ئەم یارییەدا یاریی کلاسیکۆی نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لێرە ئەنجام بدەن، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هیچ توندوتیژیەک ڕوونادات".
هەروەها میریام پیرۆنی هاندەری بوکا جونیۆرز، دەڵێت :" هیوامان دەخواست لەهەر بارودۆخێکدا بێت یاریی گەڕانەوە لە وڵاتی خۆمان ئەنجام بدرێت، بەڵام تێگەیشتین کە بابەتەکە کرایە وانەیەک بۆمان، بێگومان یاریزانان لە مەدرید ئارامتر دەبن، ئێمەش هیواخوازین بە یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیا لە ئەرجەنتین قەرەبومان بکەنەوە".
ئایا یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا ڕێگە بەوە دەدات؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group