كاتی یارییەكانی چامپیۆنس لیگ گۆڕانكاریی بەسەردا دێت

12/12/2018 وەرزش

نەوا
بڕیارە كاتی یارییەكانی چامپیۆنس لیگ گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و هۆكارەكەشی پەیوەندی بە دەستكەوتنی داهاتی زیاترەوە هەیە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی رۆژنامەی "بێڵد"ـی ئەڵمانی، ئەلیكساندەر چیڤرین سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا و دانیاڵ سەرۆكی یانەی یۆڤی و سەرۆكی رایەڵەی یانەكانی ئەوروپا كۆبونەتەوە.
بەپێی هەواڵەكە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە گۆڕانكاریكردن لەكاتی یارییەكانی چامپیۆنس لیگ كراوە، بەجۆرێك بەشێك لە یارییەكانی چامپیۆنس لیگ دوانیوەڕوان بەڕێوەبچن، هەروەها بخرێنە كۆتایی هەفتەوە.
هۆكاری ئەو گۆڕانكارییەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستكەوتنی داهاتی زیاتر، بەوجۆرە پەخشی گواستنەوەی یارییەكان داهاتی زیاتری دەبێت، چونكە لەئێستادا لە وڵاتانی چین و كۆریا و ژاپۆن یارییەكان بینەریان كەمە، بەوپێیەی دەكەونە درەنگانی شەوەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group