ژمارەی زیندانیانی كورد لە زیندانیەكان كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرا دەكرێت

11/02/2019

نەوا-كاروان مەحمود


بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران ‌و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەئاڵوگۆڕی زیندانیان لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران رونكردنەوە دەدات و ئەوەش دەڵێت: "داوامانكردووە ژمارەی زیندانیانی كورد لە ئێران ئاشكرا بكرێت".
عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران ‌و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە ژێر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان حكومەتی عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیەكان، ئێمەش لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك هاووڵاتی زیندانی ئێرانمان هەیە لە زیندانەكانی هەولێرو سلێمانی كە نزیكەی 70-75 زیندانییە و تۆمەتبارن بە مادەی هۆشبەرو سزادراون، بەڵام پێویستە بۆ هەر زیندانییەك دۆسیەی تایبەت بكرێتەوەو كە تێیدا دیاری بكرێت ئەو زیندانییە لەسەر پرسی سیاسی نەبێت و سكاڵای لە دژ تۆمار نەكرابێت و هەروەها بە رەزامەندی خۆی داوای گەڕانەوە بكات بۆ تەواوكردنی ماوەی سزاكەی لە وڵاتی خۆی".
ئەوەشی وت: "لەئێستادا لیژنەیەك لە ژمارەیەك وەزارەتی حكومەتی هەرێم پێكهێنراوە بۆ ئەو مەبەستەو كار لەسەر دۆسیەكان دەكەن، هەركات كارەكانی لیژنەكە كۆتایی هات ئاڵوگۆڕی زینداییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدەدرێت كە نزیكەی 15 بۆ 20 رۆژی دیكە دەخایەنێت". 
سەبارەت بەژمارەی ئەو زیندانیانەی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن و لەزیندانییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركراون، عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران ‌و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەوا رایگەیاند، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە نزیكەی 6 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان لە زیندانیەكانی ئێرانن، بەڵام ئێمە داوامان لە كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر كردووە ئەگەر ژمارەی زیندانیانی كورد لە ئێران زیاترن ئەوانیش لەكاتی ئاڵوگۆڕەكە بنێردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەڵێنمان پێدراوە لەوبارەیەوە بەدواداچوون بكرێت". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group