قەرەبووكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان بەكوێ گەیشتووە؟

20/02/2019

نەوا-كاروان مەحمود


قائیمقامی پێنجوێن لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی قەزاكە بەهۆی جەنگەكانی رابردووی عیراق رونكردنەوە دەدات و ئەوەش دەڵێت: "بۆ كاركردنەوە لەسەر ئەو پرسە چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكەین".
پێشتر هەوڵێك هەبوو بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەركەوتووە، لە هەرێمی كوردستانیش چەند ناوچەیەك بۆ ئەو مەبەستە دیاریكران، قەزای پێنجوێن یەكێك بوو لە ناوچە سنوریەكان كە بەهۆی شەڕی ئێران عیراق زیانی بەركەوتووە بڕیاربوو قەرەبوو بكرێتەوە. 
لەوبارەیەوە زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی سنوری پێنجوێن ئەوانەی بەهۆی جەنگەكانی رابردوو زیانیان بەركەوتووە فۆڕمی قەرەبوویان پڕكردەوە بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە تائێستا، ئەوكات لیژنەیەك لە وەزارەتی شەهیدانیش بۆ ئەو پرسە پێكهێنراو پێویستی بە پارێزەری راوێژكار هەبوو بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو پارەیەی دابین نەكرد، بەوهۆیەوە ئەو پرسە تائێستا بەبێ ئەنجام ماوەتەوە.
سەبارەت بەهەوڵەكان بۆ دووبارە كاركردن لەسەر ئەو پرسەو ئاگادار كردنەوەی پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن بۆ رادیۆ نەوا وتی: "گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرسە كردووەو چاوەڕوانین بارودۆخی هەرێم كەمێك ئاسایی ببێتەوەو حكومەتی هەرێم دەستبەكاربێت، دواتر وەكو قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێن بەنوسراوی فەرمی داوای دووبارە كاركردن بەو كەیسە دەكەین". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group