فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بایكۆت رادەگەیەنن

16/04/2019

نەوا-لاڤە كوردە 
ئەمڕۆ فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بایكۆتی كارەكانیان راگەیاند و پێنج داواكاریی دەخەنەڕو، هێزێكی زۆری ئەمنیش لە دەوروبەری زانكۆ بڵاوەیانپێكراوە و رێنادەن رۆژنامەنوسان روماڵی ناڕەزاییەكان بكەن.
یەكێك لەو فەرمانبەرانە بە ناوی بەهەست قانع بۆ رادیۆ نەوا وتی "ئەمڕۆ فەرمانبەرانی كەمپی كۆن و نوێی زانكۆی سلێمانی لەبەردەم دەرگاكانی زانكۆ گردبونەوە و بایكۆتی كارەكانیان راگەیاند".
وتیشی "فەرمانبەرەكان داواكاریەكانیان لە پێنج خاڵدا خستوەتەڕو، كە پێدانی موچە لەكاتی خۆیدا یەكەم داواكارییە، هەروەها داواكارییەكی دیكە ئەوەیە، ئەگەر موچە لەكاتی خۆیدا نادرێت ئەوا كاتی دەوام كەمبكرێتەوە، هەروە رۆژەكانی دەوامیش كەمبكرێتەوە، یەكێك لە داواكاریەكانی دیكە پلە بەستنە واتە پلەكانیان بۆ دیاریبكرێت تا موچەكانیش بەپێی پلە بێت، پاشەكەوتی موچەكانیش بگەڕێنرێتەوە لە رێگەی هەژماری بانكییەوە و چارەنووسی پاشەكەوتەكان دیاری بكرێن".

هەر لەوبارەیەوە رۆژیار سیروان پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێیڕاگەیاندین، هێزێكی زۆری ئەمنی لە چواردەوری زانكۆی سلێمانی بڵاوەیانپێكراوە و رێگە بە هیچ كەناڵێكی راگەیاندن نادرێت روماڵی ناڕەزایی فەرمانبەران بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group