رۆژهەڵاتی كوردستان.. مانگی رابردوو 31 كۆڵبەر و كاسبكار بوونە قوربانی

07/06/2019

نەوا

بەپێی ئاماری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، لە مانگی ئایاردا 31 كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و زیاتر لە 20 چالاكوانیش لە لایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراون.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان ئاماری پێشێلكاریەكانی مانگی رابردووی بڵاوكردەوە، بەپێی ئەو ئامارە، لە مانگی ئایاردا 13 كۆڵبەر و 3 كاسبكاری كورد كوژراون و 12 كۆڵبەر و 3 كاسبكاریش برینداربوون، كە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازیەكانی ئێران بووە.
لە ئامارەكەدا ئاماژە بە بەردەوامی گرتن و دەستبەسەركردنی چالاكوانانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش دراوە كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە چڕبوەتەوە و لە مانگی ئایاردا 21 چالاكوان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.
سەبارەت بەو كەسانەشی كە مانگی رابردوو لەسێدارەدراون هاتووە، كە لەو مانگەدا 4 كەس كە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەستیان درابوە پاڵ ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ كراوە.
هەر لە ئامارەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو كە مانگی ئایار لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵات 6 ژن و 7 پیاو خۆیان كوشتووە و 3 ژنیش كوژراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group