"خەڵكی هەرێم گرفتی زۆر بەكارهێنانی دەرمانی هەیە و لۆد بۆ حكومەت دروستدەكات"

26/06/2019

نەوا-لاڤە كوردە 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی رانیە داوا دەكات پەلە بكرێت لە دروستكردنی بینای نوێ بۆ نەخۆشخانەكەیان و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت "خەڵكی هەرێم گرفتی زۆر بەكارهێنانی دەرمانی هەیە، ئەوەش لۆد بۆ حكومەت دروستدەكات".
دكتۆر عەلی ئیبراهیم بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رانیە لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "نەخۆشخانەكەمان كۆن بوە و هەرچەندە لە رابردودا دووجار نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام ئێستاش پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە و دوبارە داوامانكردوە و بۆ ئەو مەبەستە بڕی 570 ملیۆن دینار رەزامەندیمان وەرگرتوە، نەخۆشخانە نوێیەكەش كە 291 قەرەوێڵەیە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا دروستبكرێت، ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە دروست بكرێت گرفتەكان چارەسەر دەبن".
هەر لە بەرنامەكەدا رێبوار ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربارەی كوالێتی دەرمان وتی "گرفتی سەرەكی خەڵك زۆر بەكارهێنانی دەرمانە، لە هەرێم كە نزیكەی 6 ملیۆن كەسی تێدایە، بەراورد بە وڵاتێكی وەك هۆڵەندا، كە زیاتر لە 7 ملیۆن كەسن یاخود سوید كە هەمان ژمارەی دانیشتوانیان هەیە، خەڵكی ئەوان بەقەد یەك لەسەر چواری خەڵكی ئێمە دەرمان بەكاردەهێنن".
وتیشی "زۆر بەكارهێنانی دەرمان لۆدە بۆسەر كەسەكە خۆی و حكومەتیش، چونكە دواتر توشی نەخۆشی درێژخایەن دەبێت و حكومەت پێویستە بودجەی بۆ تەرخان بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group