بەهۆی فێڵكردن لە ئافرەتێك لەڕێی‌ فەیسبوكەوە، تۆمەتبارێك لە سلێمانی دەستگیركرا

11/07/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە، كە لەڕێی‌ فەیسبوكەوە فێڵی‌ لە ئافرەتێك كردوە.
پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەبڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن ئافرەتێكەوە، كە كەسێك لەڕێی‌ پەیجێكی‌ فەیسبوكەوە خۆی‌ وەك ئافرەت پێ ناساندوە و ژمارەیەكی‌ مۆبایلی‌ داوەتێ كە ژمارەی‌ خۆی‌ بووەو پێی‌ وتووە ئەمە ژمارەی‌ مۆبایلی‌ كەسێكی‌ باشە، بەمەبەستی‌ هاوسەرگیری‌ پێی‌ ناساندوە، ئەو كەسەش هەمان تۆمەتبار خۆی‌ بوە و بڕی‌ چوار تا پێنج ملیۆن دیناری‌ لێسەندوە.
لەپاش جوڵاندنی سكاڵاكە، لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوە زانیاری‌ ورد كۆكرایەوەو لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكرد، توانرا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو دەستگیر بكرێت، هەروەها دەستگیرا بەسەر مۆبایلەكەیدا و دەركەوت تۆمەتبارەكە خۆی‌ سەرپەرشتی‌ ئەو پەیجەی‌ كردووە، تۆمەتبار لەدایكبوی‌ ساڵی‌ 1992ەو لەئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ ماددەی‌ 2 لە یاسای‌ خراپ بەكارهێنانی‌ ئامێرەكانی‌ پەیوەندیكردن راگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داواش لە هاووڵاتیان دەكات بەوریایی‌ و هۆشیارییەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاربهێنن و متمانە بەپەیج‌ و ئەكاونتە ساختەكان نەكەن، لەبوونی‌ هەر حاڵەتێكی‌ نەخوازراویش هێزەكانی‌ پۆلیس ئاگاداربكەنەوە تا بەهانایانەوە بچن‌ و كێشەكانیان بۆ چارەسەربكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group