دوای 33 ساڵ كارەسات چێرنۆبڵ كۆنتڕۆڵ دەكرێت

11/07/2019 جیهان

نەوا
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا ئاشكرایكرد، كڵاوەیەك بۆ كۆنترۆڵكردنی مادە تیشكدەرەكانی كارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبڵ دروستكراوەو سەدان تۆن مادەی تیشكدەرەوە بەهۆی ئەو هەیكەلەوە كۆنترۆڵكراوە.
رۆژنامە جیهانییەكان بڵاویانكردوەتەوە، ئەو هەیكەلەی بۆ كۆنتڕۆڵكردن و داپۆشینی ناوچەی كورە ئەتۆمیەكە دروستكراوە ملیارێك و 500 ملیۆن یورۆی تێچوە، هەروەها تێچوی پرۆژەكەش بەشێوەیەكی گشتی 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە و ماوەی 9 ساڵی خایاندوە.
رونیشكراوەتەوە، درێژی هەیكەلەكە 257 مەترەو قورساییەكەی زیاترە لە 40 هەزار تۆن و دڵی كورە ئەتۆمیەكە، كە 200 تۆن مادەی تیشكەرەوەی تێدایە، دادەپۆشێت، ئەوەش گەورەترین كڵاوەی جوڵاوە لەجیهاندا.
رۆژنامەكان باسیان لەوەكردوە، كڵاوەكە بۆ ئەوە دروستكراوە تا رێگە لەداڕمانێكی دیكە بگرێت وەك ئەوەی لەساڵی 2012 روویدا، نزیكەی 45 وڵاتیش تێچوی پڕۆژەكەیان دابینكردوە، سەرەڕای ئەو پارەیەی بانكی ئەوروپی دابینیكردووە، ئۆكرانیاش خۆیشی 100 ملیۆن یورۆی دابینكردووە.
ڤیكتۆر زالیزیتسكی بەڕێوەبەری پرۆژەكە، كە لەساڵی 1987ەوە یەكێكبووە لەبەشداربوانی پاككردنەوەی ناوچەكە ئاماژەی بەوەداوە، هەست بەشانازی دەكات، چونكە توانیویەتی كار لەپرۆژەیەكدا بكات كە گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
رونیشیكردوەتەوە، پڕۆژەكە گەورەتر دەكەن تا هەموو ناوچەی چێرنۆبڵ بگرێتەوەو پێویستیان بەوەیە بیر لەوە بكەنەوە چۆن تێچوەكەی دابینبكەن.
وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ لە 26-4-1986دا تەقییەوە و بوەهۆی كوژرانی 31 كەس لەناوچەی روداوەكەدا، بەپێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانیش بەهۆی تیشكدانەوەكانی ئەو پڕۆژەیەوە نۆ هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
دوای ئەوەی پرۆژەی كۆنترۆڵكردنی كورەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ پشتگوێخرا، بەهۆی زنجیرە درامایەكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر كارەساتەكە، كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای SKY و HBOەوە بەرهەمهێنرا، باسی لە ژیانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچە دەكرد لە دوای كارەساتەكە و بەهۆی ئەوەشەوە دووبارە تیشك خرایەوەسەر پرۆژەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group