خولێكی پزیشكی لە شاری سلێمانی دەكرێتەوە

11/07/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
رێكخراوی زانستی پزیشكی كوردستان لە درێژەی كاروچالاكیەكانیان قۆناغی دووەمی پرۆژەی پەرەپێدانی توانا پزیشكیەكان لە شاری سلێمانی دەكاتەوە و ئامانج لێی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە تەندروستیەیە كە لە ناوەندە پزیشكیەكان هەیە ئەویش لەرێگای ئەم خولانەوە.
لەوبارەیەوە حەسەن شێخ جەمال بەرزنجی سەرۆكی رێكخراوی زانستی پزیشكی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، رۆژی پێنج شەممە لە چوارچێوەی كاروچالاكیەكانمان یەكەمین پرۆژەی پەرەپێدانی توانا پزیشكیەكان لە كوردستان و عێراقدا دەستپێدەكەین، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە پارێزگای هەڵەبجە دەستی پێكرد بە بەژداری 35 فێرخواز و ئەمساڵ لە شاری سلێمانی هەنگاوێكی تر لەو چالاكیە دەست پێدەكەین بەبەژداری 50 فێرخواز لە بەش پزیشكیەكان و كارمەندانی تەندروستی بە گشتی، مەراسیمی دەستپێكردنی پرۆژەكەمان كردووەو رۆژی هەینی دەست بەكارەكانی دەكات.
وتیشی: "ئامانج لێی بۆ فێرخوازان بە ئەكادیمی بە هەردوو جۆری تیۆری و پراكتیكی لەلایەن پزیشكی پسپۆرەوە راهێنانیان پێدەكرێت هەتاكو بتوانرێت لە ناوەندە پزیشكیەكان خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بكەن و هەندێك بۆشایی تەندروستی هەیە بتوانین لەم رێگایەوە پڕی بكەینەوە".
ئاماژەی بەوەشدا كە چالاكیەكە پێكهاتووە لە فریاگوزاری سەرەتایی، دوورینەوە، وەرگرتنی زانیاری لەسەر دەرمان و چەندین بەشی جیاوازی پزیشكی دیكە، هەروەها ئەم خولە بۆ ماوەی 6 هەفتە لە شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت و پاشان دەتوانن سوودی لێببینن لە ناوەندەكانی خوێندن و پیشە پزیشكیەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group