پۆلیس: لە خواروی عیراق و وڵاتانی دراوسێوە پارەی ساختە دەهێنرێتە سلێمانی

11/07/2019
نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی

نەوا-لاڤە كوردە 
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە خواروی عیراق و وڵاتانی دراوسێوە پارەی ساختە دەهێنرێتە سلێمانی.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "زۆربەی ئەو پارانەی ساختە دەكرێن لە ناوخۆی سلێمانییەوە نییە، بەڵكو لە خواروی عیراق و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران دەكرێت بە داواكاری ئەو كەسانە خۆیان كارەكە ئەنجام دەدرێت، چونكە دەبێت ئەو كاغەزە كوالێتی هەبێت و چەند كەسێكیش پێشتر دەستگیركراون، كە لە خواروی عیراقەوە 50 هەزار دیناری و 25 هەزار دیناری تەزویریان پێبوە".
وتیشی "ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن دڵنیان لەوەی دەستگیردەكرێن، چونكە كە جارێك و دووجار شت دەكڕن، سێیەمجار دەگیرێن و ئێستا هەموو ماركێت و بازاڕەكان كامێرای چاودێریی لێیە".
هەر لە بەرنامەكەدا د.خالید حەیدەر مامۆستای ئابوری لە زانكۆی سلێمانی لەبارەی كاریگەری پارەی ساختە لەسەر ئابوری وتی "پارەی ساختە كاریگەری لەسەر ئابوری ئەو شارە یاخود ئەو ناوچەیە دروست دەكات، كەتێیدا بڵاوببێتەوە، چونكە خەڵك یان دوكاندار واتە فرۆشیار و كڕیار كاتێك دەزانن پارەی ساختە هەیە دەترسن لەوەی مامەڵە بكەن ئەو كاتەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی سنوردار دەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group